
سوودبینین لە پێشکەوتنەکانی ووڵاتی کۆریای باشوور لە ڕووی ژمێریاری و دارایی
سوودبینین لە پێشکەوتنەکانی ووڵاتی کۆریای باشوور لە ڕووی ژمێریاری و دارایی، هەروەها ئاستی بەرزی ئابووریان، گفتوگۆی پڕ لە بایەخی نیوان شاندی سەندیکامان و کونسوڵگەری کۆریا بوو:
لە ڕێکەوتی ١٦/٧/٢٠٢٥ شاندێکی سەندیکامان سەردانی کونسوڵگەری کۆریای باشووری کرد لە هەولێری پایتەخت و لەلایەن بەڕێز کونسوڵی گشتی پێشوازیان لێکرا، بابەتی دروستکردنی پەیوەندییەکان لە سوودی پەرەپێدان لە توانای ژمێریاران و وردبینان، لەهەمانکاتدا پێشخستن و سوودبینین لەو سیستەمە پێشکەوتووە ئابووری و بازرگانیەی لەم ووڵاتە هەیە تەوەری سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە بوو.
کۆمەڵێک خاڵ و بڕگە و بابەتی زۆر گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوەی بیرو بۆچوونەکانی دەربارە کرا، شاندی سەندیکا ئەوەی خستەڕوو کە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ پێگەیاندنی ژمێریاری پێگەیشتوو و شارەزا لەم بوارە و پسپۆڕیە پەیوەندیدارەکان، هەر لەم چوارچێوەیەدا گەنگەشەی ئەوەکرا چۆن بتوانرێت لەناوەوەی هەرێم و لە ووڵاتی کۆریا خول و سمینار و وۆرکشۆپ ئەنجام بدرێت بەمەبەستی گەیاندنی پڕۆسە و بیرۆکە و سیستەمە تازەکانی جیهانی بواری ژمێریاری و دارایی بە ئەندامانی سەندیکا.
بەڕێز کونسوڵی گشتی و ستافی کونسوڵگەری خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەم کۆبوونەوەیە و تیایدا ئامادەییان نیشاندا بۆ هەموو هەماهەنگی و هاوکاریەک ئەنجام بدەن لەپێناو سوود گەیاندن بە پەرەپێدانی تواناکانی ژمێریاران و دڵخۆشی خۆیان ڕاگەیاند کە سەندیکا بەم شێوە کارا و کاریگەرە کاروبارەکانی ڕایی دەکات لەگەڵ کەرتەکانی گشتی و تایبەت.
لەکۆتایی کۆبوونەوە و دوای لێکگەیشتن لە ئاستێکی زۆرباش، بڕیاردرا هەردوولا لەچوارچێوەی ڕێنماییەکان و لە داهاتووی نزیک بە کاری پێکەوەیی دەست بە بەرنامەی خزمەتە دوولایەنەکان بکەن لە سوودی ئەندامانی سەندیکامان لە چەند ڕوێکەوە و بەپێی ئەو خاڵانەی گفتوگۆی دەربارەکرا
سەندیکا بۆ هەمیشە لە پێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری سەردەمیانە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت.
سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی هەرێمی کوردستان