سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ژمێریاران
ڕۆژی دووشەممە، ڕێککەوتی ٢٠٢٥/١٢/٨، سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ژمێریاران لە ژێر ناونیشانی (پیشەی ژمێریاری لە نێوان پێشکەوتن و ئاڵنگارییەکاندا و ڕۆڵی ژمێریاری لە دامەزراوەکان لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا) ڕێکخست.
لەم ڕێوڕەسمەدا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و سەرۆک و نوێنەری سەندیکاکان و مامۆستایانی زانکۆ و ئەندامانی سەندیکا تێیدا ئامادە بوون، دوو پانێلی زانستی پێشکەش کران و دەرفەتێک ڕەخسا بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری ئەم بوارە کە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی پێشکەوتنی ئابووری لە ناو هەموو سیستەمێکی حوکمڕانیدا.
هاوکات لەم ڕێوڕەسمەدا، ڕێزلێنان پێشکەش بە ژمارەیەک مامۆستا و ژمێریار کرا کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو هەوڵی بێ وچانیان داوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ئەو کەسانەی لەم بوارەدا کار دەکەن.
لێرەوە سوپاسی سەرجەم ئەندامانی سەندیکا و ئامادەبووانی ئەم ڕێوڕەسمە دەکەین و پابەندبوونی سەندیکامان دووپات دەکەینەوە بەوەی کار بکەین بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری ئەم بوارە بە پێی سیستەم و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
شایانی باسە کە ڕۆژی جیهانی ژمێریاران ساڵانە لە ١٠ تشرینی یەکەم یاد دەکرێتەوە. بەڵام ڕێوڕەسمەکە بە هۆی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواکەوت.